حوکمی بەندکرانی عارف محەمەدی بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە

هەنگاو: حوکمی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئورمیە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە.

١٤ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٢٢:٤٨

 

هەنگاو: حوکمی بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئورمیە لەلایەن دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی “عارف محەمەدی” کوڕی مەلوود و خەڵکی گوندی باوانی ئورمیە، لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٢ ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە و ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەری (٥ی ئۆکتۆبر) لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

 عارف محەمەدی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧١٩(٥ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران حکومی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠١٩) هاوکات لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سەرهەنگ بابەکری خەڵکی گوندی فەلەکان و عابید محەمەدی و حەسەن بەراتی خەڵکی گوندی باوان سەر بە ئورمیە دەستبەسەر کرابوون.

عارف محەمەدی ئێستا لە بەندی ٣ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە