هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتیەکی خەڵکی ئورمیە کە ماوەیەک پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

١٩ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٨:٣٤

 

هەنگاو: هاووڵاتیەکی خەڵکی ئورمیە کە ماوەیەک پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧١٩(٥ی ئاگۆستی ٢٠١٩)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی باوانی ئورمیە بە ناوی عارف محەمەدی لەلایەن لقی دووی دادگای شۆرشی ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران حکومی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

عارف محەمەدی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی پووشپەڕ (٣٠ی ژوئەنی ٢٠١٩) هاوکات لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی سەرهەنگ بابەکری خەڵکی گوندی فەلەکان و عابید محەمەدی و حەسەن بەراتی خەڵکی گوندی باوان سەر بە ئورمیە دەستبەسەر کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عارف محەممەدی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێ بەش بووە و ئێستا لە بەندی ٣ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە