حوکمی سێدارەی منداڵێکی سەقزی پەسەند کرا

هەنگاو: دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران حوکمی سێدارەی شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقزی پەسەند کردەوە و ئەو حوکمە بە پارێزەرەکی ڕاگەیەندراوە.

٢٩ ڕێبەندان ٢٧١٨، ٢٢:٤٠

 

هەنگاو: دیوانی بەرزی وڵاتی ئێران حوکمی سێدارەی شایان سەعیدپوور خەڵکی سەقزی پەسەند کردەوە و ئەو حوکمە بە پارێزەرەکی ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حوکمی سێدارەی لاوێکی سەقزی بە ناوی شایان سەعیدپوور کە بە تۆمەتی کوشتنی هاوڕێیەکی ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و بە فەرمی بە پارێزەرەکی ڕاگەیەندراوە.

شایان سەعیدپوور کوڕی سەلاحەدین، ڕۆژی سێشەممە (١ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ / ٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنەوە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابو.

ئەو منداڵە تۆمەتبارە کە لەبەندیخانەی سنە ڕاگیرابوو، ماویە ١٠ ڕۆژە و دوای پەسەند کرانی حوکمەکەی گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز و ئێستا لەوێ دەستبەسەرە.

شایان سەعیدپوور لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧١٥ ( ١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٥) لە کاتێکدا تەمەنی نەگیشتبووە ١٨ ساڵ هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی سەقزی بە ناوی ”سلێمان ئازادی“ کوشتووە و لەوکاتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراو.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی تەمەنی نەگیشتووە ١٨ ساڵ بە پێی ئەو بەڵگانەی کە ”هێرانا“ بڵاوی کردووەتەوە نەخۆشی دەروونی هەبووە و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکدا بووە و تەنانەت چەندین جاریش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

شایان سەعیدپوور لەدایکبووی ٣٠ی خەرمانانی ١٣٧٦ی هەتاو بووە و لەکاتی ئەنجامی تاوانەکە ڕاست ١٧ ساڵ و ١٠ مانگ و ٢٥ ڕۆژ تەمەنی هەبووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە