حوکمی لێدانی ٧٢ قامچی لە هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە جێبەجێ کرا

هەنگاو: حوکمی لێدانی ٧٢ قامچی لە یەکێک لەو هاووڵاتییانەی خەڵکی سنە کە لە کاتی شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا دەستبە

٦ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٥:٠٧


هەنگاو: حوکمی لێدانی ٧٢ قامچی لە یەکێک لەو هاووڵاتییانەی خەڵکی سنە کە لە کاتی شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سوریا دەستبەسەر کرابوو، لە سنە جێبەجێ کرا.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕؤژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، حوکمی لێدانی ٧٢ قامچی فواد عەنایەتی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە لە دادگای ئەو شارە جێبەجێ کراوە. حوکمی ١٠ مانگ بەندکرانی ناوبراویش بە سەرنجدان بەوەی کە ماوەی ٤ مانگ لە بەندیخانە بووە، ٦ مانگی دیکەی بەر لێبوردن کەوتووە.


بە پێی ئەو نامەیەی ک بۆ فواد عەنایەتی و ٧ کەسی دیکەی هاودۆسیەی ناوبراو نێردراوە، ئەوان دەبێ لەماوەی ١٠ ڕۆژدا خۆیان بە دادگای سنە بناسێنن و ئەگەر ئەوکارە نەکەن ئەوا فەرمانی دەستبەسەر کردنیان دەردەکرێت.


فواد عەنایەتی و ٧ کەسی دیکە، سەرەتای مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن  لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر بێهرووز وەلەدی، بە تۆمەتی ”تێکدانی تەکووزی و ئاسایشی گشتی کۆمەڵگا لەڕێگای بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی“ سەرجەم بە ٨٠ مانگ بەندکران و لیدانی ٥٩٢ قامچی مەحکووم کردووە.


بە پێی ئەو حوکمە،فەرهاد تاریمورادی کوڕێ حوسێن، ئەحمەد مورادی کوڕی عەبدوڵڵا و فواد قەهرەمانی کوڕی تۆفیق هەر کامەیان بە یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی و محەمەد شەهباسی کوڕی خوسرەو (خەڵکی سەمیرەمی ئیسفەهان)، ڕەزا ڕەجایی کوڕی عەلی ئەکبەر (خەڵکی ئیسفەهان)، پوریا فەیزی کوڕی مەحیەدین، ، فواد عەنایەتی کوڕی عەلائەدین و ئیبراهیم ئاقایی کوڕی عەبدولقادر هەرکامەیان حوکمی ١٠م مانگ بەندکرانو لێدانی ٧٤ قامچییان بە سەردا سەپاوە.


ئەو هەشت هاووڵاتییە لە کاتی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیەکانی مانگی ڕەزبەری سنە کە بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان پێک هاتبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە