حیزبی دێموکرات بەرپرسیارێتی تێکهەڵچوونەکی نزیک بۆکانی بە ئەستۆ گرت

هەنگاو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک بەرپرسیارێتی تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردووی نزیک بۆکانی بە ئەستۆ گرت.

١٧ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٢١:٥٦

 

هەنگاو: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیرانی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیندراوێک بەرپرسیارێتی تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردووی نزیک بۆکانی بە ئەستۆ گرت.

بە پێی ئەو بەیانیەی کە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە تێکهەڵچوونی شەوی ڕابردوودا کە لەنێوان پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و هێزەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی پیرمحەمەدی بۆکان هاتووەتە ئاراوە و یەک کاتژمێری خایاندووە، ٤ کەس لە هێزە حکومەتییەکان کوژراون و بریندار بوون.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە کە ”بەپێی دوایین زانیارییەکان ئەم ناوچەیە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراوە و هێلیکۆپتێرەکانی رێژیم بە بەردەوامی لە شاخەکانی حاجی کیمی، بێش بارماخ و کانی ئاسمان و پێمەڕەی فەرهاد دەسووڕێنەوە.“

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کۆتاییدا جەختی لەسەر سڵامەتی هێزەکانی خۆیان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان بەجێ هێشتووە.

ئەمڕۆ ”هەنگاو“ وەکوو یەکەم سەرچاوە هەواڵی ئەو تێکهەڵچوونەی بڵاو کردبوویەوە و ڕایگەیاندبوو کە لەو تێکهەڵچوونەدا ٢ پاسدار کوژراون و ٤ پاسداری دیکەش بریندار بوون.

میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران هەتا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان بە نیسبەت ئەو تێکهەڵچوونە نەبووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە