خوانی بەتاڵ لە سەر شەقامەکانی بانە و جوانڕۆ پان کرایەوە

هەنگاو: بۆ جارێکی دیکە ئەمڕۆ یەکشەممە خەڵکی چەند شاری کوردستان لە هەمبەر دۆخی شپرزەی ئابووری و داخرانی سنوورەکاندا، دووکان و بازارەکان داخران.

٢٦ خاکەلێوە ٢٧١٨، ١٦:١٨

 

هەنگاو: بۆ جارێکی دیکە ئەمڕۆ یەکشەممە خەڵکی چەند شاری کوردستان لە هەمبەر دۆخی شپرزەی ئابووری و داخرانی سنوورەکاندا، دووکان و بازارەکان داخران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕێ مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، کاسبکار و دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧١٨ / ١٥ ئاوریلی ٢٠١٨)، بۆ چەندەمین جار لە یەک مانگی ڕابردوودا مانگرتنیان ڕاگەیاند و دووکان و بازارەکانیان داخستووە.

بەپێی زانیارییەکان، داخستنی دووکان بازار لەلایەن کاسبکاران و خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و بانە، لە ئەنجامی ئەو دۆخە دژوارە ئابوورییەیە کە ئێران بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی گرتووەتەوە و ئەمەش بۆ داخستنی سنوورە کۆڵبەرییەکانی شارە سنوورەکان دەگەڕێتەوە کە سەرچاوەی بژیو و داهاتی بەشێک لە خەڵک و دابینکەری کەلوپەلی ئەو بازار و دووکانانەیە کە بەم بۆنەوە هەزاران کەس بێکار  بوون.

دوو هەفتە لەمەوبەر کاسبکاران و دووکاندارانی شارەکانی: سەقز، جوانڕۆ و مەریوان بە داخستنی بازاڕ داوای کردنەوەی سنوورەکانیان کرد؛ هاوکات کاسبکار و دووکاندارانی پیرانشار و بانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی سنوورەکان مانیان گرت، کە بەهۆی دەستێوەردانی هێزەکانی ئیتلاعات و دروستکردنی فشار لەسەر بازاڕیان مانگرتنەکەیان شکاند.

ژیانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە شارە سنوورییەکانی وەک مەریوان، سەقز، بانە و جوانڕۆ بەستراوەتەوە بە جووڵەی بازاڕە سنوورییەکان و حکوومەتی ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردووەوە بە ئامانجی گوشاری زیاتر لەسەر خەڵکی ئەم سنوورانەی داخستووە؛ ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەردەوامی خەڵک.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە