سنە؛ بانگکرانی لانی کەم هەشت مامۆستای قوتابخانە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:٥٧

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لانی کەم هەشت مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سنە بەناوەکانی ڕەزا شەریفی، فاتمە زەندکەریمی، بەها مەلەکی، سەلام شافعی، فەرهاد مەوالی، ساڵح ساڵحنیا، مستەفا سەربازان و جەبار پاکزاد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بانگکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤) و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی مامۆستا، ژمارەیەک لە مامۆستایانی شاری سنە کە تا ئیستا ناسنامەی هەشت کەسیان بەناوەکانی ڕەزا شەریفە، فاتمە زەندکەریمی، بەها مەلەکی، سەلام شافعی، فەرهاد مەوالی، ساڵح ساڵحنیا، مستەفا سەربازان و جەبار پاکزاد ئاشکرا کراوە لەلایەن بەشی هەواڵگریی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراون.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هۆکاری بانگکرانی ئەو هاووڵاتییانە تا ئێستا ڕوون نەکراوەتەوە و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە لە پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژی مامۆستادا بووبێت.

شایەنی باسە کە، ساڵی ڕابردوو ڕەزا شەریفە بۆ ماوەی ٢٩ ڕۆژ، بەها مەلەکی یەک حەفتە و هەروەها جەبار پاکزاد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. جەبار پاکزاد لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی بانگکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو مامۆستایانە و هەروەها چارەنووسیان زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە