هادی لاوە هونەرمەندی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا
هەنگاو؛ ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤
هادی لاوە هونەرمەندی لاو و خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤) هادی لاوە، هونەرمەندی لاوی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوتەوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی هادی لاوە وتویانە کە بە هۆی خوێندنی سروودی سیاسی ناوبراو دەستبەسەر دەکەن.
هەروەها ئەم هێزانە بەبێ هیچ بەرگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە ئەم گۆرانیبێژەیان دەستبەسەر کردووە و تاکوو ئێستا شوێنی دەستبەسەرگەی هادی لاوە نادیارە.
تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، بەدواداچوونی بنەماڵەی هادی لاوە بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ وەڵام ماوەتەوە.