ئاکۆ ئیبراهیمی لە ئەندامانی بنەماڵەی بەندکراوی سیاسی لە سێدارە دراو، مەحیەددین ئیبراهیمی دەستبەسەر کرا

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٠:٤٦

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

ئاکۆ ئیبراهیمی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ و ئامۆزای مەحیەددین ئیبراهیمی لە بەندکراوانی سیاسیی لە سێدارە دراو، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ١١ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (٣٠ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە قاوەخانەکانی تاچیناوێی سەر بە شاری شنۆ و ئاکۆ ئیبراهیمی تەمەن ٢٤ ساڵیان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاکۆ ئیبراهیمی، بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان و کوتان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراوە.

ئاکۆ ئیبراهیمی خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی سەر بە شاری شنۆ و ئامۆزای مەحیەددین ئیبراهیمییە. مەحیەددین ئیبراهیمی بەندکراوی سیاسی ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ (١٧ی مارسی ٢٠٢٣)، دوای شەش ساڵ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی ئورمیە لە سێدارە درا.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە، هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە