کوژران و برینداربوونی ٣٧ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا

١٢ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٥:٠٩

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا، لانی کەم ٣٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون کە ٩٢٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی مارس ٥٤ حاڵەت واتا ٥٩٪ کەمی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤ کۆڵبەر کوژراون و ٣٣ کۆڵبەریش بریندار کراون. لەو ماوەیەدا لانی کەم سێ منداڵی کۆڵبەر بەناوەکانی پارسا حوسێنی و سەهەند هەردووکیان تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پاوە و ماهان مورادی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

مێهرداد عەبدوڵڵازادە خەڵکی سەردەشت، ئومێد سەیدی خەڵکی سنە، سەیوان دەست ئەفکەن خەڵکی مەریوان و شوانە ئەحمەدپوور خەڵکی بانە ئەو چوار کۆڵبەرە بوون کە لە مانگی ئەپریل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران سەر، دڵ و سینگیان پێکرا و گیانیان لەدەستدا.

زیاترین کۆڵبەرانی قوربانی بە ٢٠ حاڵەتەوە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.
 

هۆکاری کوژران یان برینداربوون؛

تەقەی ڕاستەوخۆ: ٣٤ حاڵەت بریتی لە (٤ کوژراو و ٣٠ بریندار) واتا ٩٢٪ کۆی حاڵەتەکان.

بەربوونەوە لە شاخەکان: ٣ حاڵەت بریتی لە (٣ بریندار) واتا ٨٪ کۆی حاڵەتەکان.
 

جیاکردنەوەی قوربانییان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای کرماشان: ١٦ حاڵەت بریتی لە (١٦ بریندار)

پارێزگای سنە: ٢٠ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو و ١٧ بریندار)

پارێزگای ئورمیە: ١ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو)


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە