خۆکوشتنی حەفت کەس لە کوردستان کە پێنج کەسیان ژن بوون

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە پێنج کەسیان ژن و کەسێکیان مێرمنداڵ بووە.

٧ بەفرانبار ٢٧١٩، ١٥:٤٤

 

هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە پێنج کەسیان ژن و کەسێکیان مێرمنداڵ بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (١٩ی دێسامبری ٢٠١٩)، ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی جلقڕانی ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە بە ناوی ”شیوا مورادی“ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی سەرماوەز (٢٠ی دێسامبر) لاوێکی دانیشتووی کانی دینار بە ناوی ”پدرام حاجی بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها، ژنێکی خەڵکی گوندی دەوان سەر بە بەخشی باینگانی پاوە بە ناوی ”حەیران ئیبراهیمی“ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بۆ هەنگاو نێردراوە، لەماوەی رۆژانی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە بە ناوی ”سورەیا ئەمینی“ بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە و گیانی لە دەست داوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنج شەممە ٥ی بەفرانبار (٢٦ی دێسامبر) ژنێکی لاوی خەڵکی گوندی خورینجی پیرانشار بە ناوی ”شەهناز لوتفیان“ بە هۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و گیانی لە دەست داوە.

هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ٣ی بەفرانبار (٢٤ی دێسامبر)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ”عرفان عەزیزی خوشکڕوودی“ لە گەڕەکی جافراوای کرماشان بە هۆکارێکی نادیار خۆی هەڵواسیوە.

ڕۆژی هەینی ٦ی بەفرانبار، ژنێکی ٢٨ ساڵەی خەڵکی ئیلام بە ناوی “زوهرە محەمەدی” بە هۆی کێشە لەگەڵ هاوژینەکەی خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە