خۆکوشتنی سەربازێکی خەڵکی کرماشان لە شاری تاران

سەربازێکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی یوونس دارابی، لە کاتی تێپەڕکردنی ماوەی خزمەتکردنی زۆرەملێی سەربازیدا لە بنکەیەکی سەربازیی

٤ پووشپەڕ ٢٧٢٣، ١٦:٠٢


هەنگاو؛ یەکشەممە ٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٣

سەربازێکی کوردی خەڵکی کرماشان بە ناوی یوونس دارابی، لە کاتی تێپەڕکردنی ماوەی خزمەتکردنی زۆرەملێی سەربازیدا لە بنکەیەکی سەربازیی شاری تاران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٣ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەک بە ناوی یوونس دارابی، خەڵکی گوندی "بریمەوەن"ی سەر بە ناوچەی ناوەندیی شاری کرماشان، لە بنکەیەکی ئینتزامی (پۆلیس) شاری تاران هەوڵی خۆکوشتنی دا و لەئاکامدا و گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی هەنگاو، ئەم سەربازە کوردە دوای ئەوەی کە بە زیادکردنی ماوەی سەربازییە زۆرەملێیەکەی سزا دراوە و هەروەها لەلایەن بەرپرسەکانییەوە دەستبەسەر کراوە، لە بنکەیەکی ئەو هێزانە لە شاری تاران حەبی خواردووە و بەو شێوەیەش کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٤ سەربازی کورد لە بنکە سەربازیی جۆراوجۆری شارەکانی ئورمیە، قەسری شیرین، عەجەبشیر و تاران بە هۆکارگەلێکی ناڕوون و بەو چەکانەی کە لە کاتی خزمەتکردنی زۆرەملێی سەربازیدا پێیان بووە، کۆتایییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە