بەندیخانەی ئیلام؛ هەوڵی خۆکوشتنی وەحید چاوەڕان لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

وەحید چاوەڕان، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین

٢٥ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢٠:٢٣

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣

وەحید چاوەڕان، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەرکردنی سزای دوازدە ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، هەوڵی خۆکوشتنیدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٥ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، وەحید چاوەران، بەندکراوی سیاسی کورد بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دەرکردنی سزای دوازدە ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی زاهیدان، لە بەندیخانەی ناوەندی ئیلام هەوڵی دا خۆی بکوژێت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوبراو لە ڕێگەی خواردنی حەب هەوڵی خۆکوشتنی داوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری ئیلام لەژێر چاودێری پزیشکیدایە و باری تەندروستیی ناوبراو بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

وەحید چاوەڕان، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٨ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ئیلام، سەرجەم سزای ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زاهیدانی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کە لە ماوەی دەستبەسەربوونەکەیدا بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەدرابوو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی خەرمانانی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ مانگرتن، لە دەستبەسەرگەدا لێوی خۆی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دووریبووە.

وەحید چاوەڕان، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە کاتی چوونە دەرەوە لە ئێران بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ترسی دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە چەند مانگی لە شاخەکانی دەوروبەری ئاودانان تێپەڕکردبوو و لەو ماوەیەدا چەند جار هێزە ئەمنییەکان هەوڵی دەستبەسەرکردنیان دابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە