خۆکوشتنی کرێکارێکی شارەوانیی سنە دوای دەرکردنی لە سەر کارەکەی

هەنگاو: کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا کە ئێستا دەرکەوتووە ناوبراو

١٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٢:٠١

 

هەنگاو: کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد لە شاری سنە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا کە ئێستا دەرکەوتووە ناوبراو دوای دەرکران لە سەر کارەکەی خۆی کوشتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٦ی مارسی ٢٠٢٢)، هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بە ناوی ئەهوەن عەباسی تەمەن ٢٨ ساڵ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەهوەن عەباسی کرێکاری بەشی سەوزایی شارەوانی سنە بووە و دوام ١٠ ساڵ پێشینەی کار کردن بە بێ هیچ هۆیەک لە سەر کارەکەی دوور خراوەتەوە و هەر بۆیەش خۆی کوشتووە.

ساڵی ڕابردوو شارەوانی سنە بەشێک لە کرێکارانی خۆی دوور خستووەتەوە و گرێبەستی هەندێکیشی نوێ نەکردووەتەوە کە ئەمەش ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەوانی بەرەوڕووی تەنگژە کردووەتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە شارەوانی سنە لە بنەڕەتدا ماف کرێکاران ناپارێزێت و تەنانەت یاسا ناوخۆیییەکانی ئێرانیش بۆ کرێکاران لەپێش چاو ناگرێت. هەروەها، ئەنوەر ڕەشیدی سەرۆکی شارەوانی سنە لەو ڕووەوە کە پاڵپشتی ناوەندە ئەمنییەکانی لەپشتە هیچ گرنگییەک بە مافی کرێکاران نادات.

جێگای باسە کە ئەهوەن عەباسی خێزاندار و باوکی کچێکی ٥ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی فەرەجی شاری سنە بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە