شنۆ؛ عیسا ئیبراهیم‌زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد هەوڵی خۆکوشتنی دا

٣٠ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٣:١٠

هەنگاو؛ شەممە ٣٠ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

عیسا ئیبراهیم‌زادە، چالاکی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری شنۆ، لە دوای دژایەتیکردنی بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە و فەرمانگەی ئیتلاعات لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی مەرەخەسییەکەی، هەوڵی خۆکوشتنی دا. بارودۆخی ناوبراو بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی هەینی ٢٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٩ی جولای ٢٠٢٤)، عیسا ئیبراهیم‌زادە، بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی گوندی "دێشەمس" سەر بە شاری شنۆ، بەهۆی درێژنەکردنەوەی ماوەی مەرەخەسییەکەی لە ڕێگەی خواردنی ژەهرەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عیسا ئیبراهیم‌زادە دوای هەوڵی خۆکوشتنی بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئورمیە گواستراوەتەوە و تا ئێستا بارودۆخی تەندروستیی جێی نیگەرانییە.

عیسا ئیبراهیم‌زادە، دوای ماوەیەکی زۆر داواکردنی مافی مەرەخەسی، لە ئاکامدا بە ڕەزامەندیی بەرپرسانی بەندیخانە بەمەبەستی کاری کشتوکاڵ، کە تەنیا سەرچاوەی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەیەتی، لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە بۆ مەرەخەسی نادرابوو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٥ی مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٣، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ گواسترایەوە. ناوبراو دوای دوو ڕۆژ، لە ڕێگای پەیوەندییەکی کورتدا ڕایگەیاندبوو کە بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە.

عیسا ئیبراهیم‌زادە، پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە تۆمەتی وەکوو "ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت" سەرجەم سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا سزای چوار ساڵ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

شایەنی باسە کە، عیسا ئیبراهیم‌زادە، ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا ٢٢ی سەرماوەزی ئەو ساڵە بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە