خۆکوشتنی کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە دوایین ڕۆژی ساڵدا

هەنگاو: کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ کە باوک و دایکی لێک جیابوونەتەوە و ماوەیەک پێش ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە ماوەی

١ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٥:٠١


هەنگاو: کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ کە باوک و دایکی لێک جیابوونەتەوە و ماوەیەک پێش ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. لە ماوەی کەمتر لە مانگێدا لانیکەم ٣ کچی ١٤ ساڵە لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٩ی مارسی ٢٠٢٠)، کچێکی تەمەن ١٤ ساڵی خەڵکی شنۆ بە ناوی ”ملینا تایی“ بە هۆی کێشە لە گەڵ هاوژینەکەی کە خەڵکی پیرانشار بووە لە سەر بانی بینایەکی چەند نۆهمی خۆی خستووەتە خوارەوە و گیانی لە دەست داوە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ملینا تەنیا ١٤ ساڵ تەمەنی بووە و دایک و باوکی لێک جیابوونەتەوە و ماوەیەک پێش ئێستا لەگەڵ لاوێکی خەڵکی پیرانشار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.


بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ لانیکەم ٣ کچی ١٤ ساڵە لە شارەکانی جوانڕۆ و پیرانشار کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو ٢٣ی ڕەشەممە (١٣ی مارس) هاووڵاتییەکی تەمەن ٧٠ ساڵی خەڵکی سنە بە ناوی ”باقر ئەسلانی“ بە هۆی کێشەی ئابووری خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.


هەروەها ڕۆژی پێنج شەممە ٢٢ی ڕەشەممە، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی ”مەیسەم فەرەجی“ دوای ئەوەی لە گەل ماوکی دەمەقاڵەی بووە، خۆی هەڵواسیوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە