دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە پاش حەوتوویەک دەستبەسەرکران چارەنووسیان ناڕوونە

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە ماوەی حەوتوویەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئیستا چارەنووسیان ناڕوونە.

٢١ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ١٩:١٦


هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی سنە ماوەی حەوتوویەکە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئیستا چارەنووسیان ناڕوونە.


بە پێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٠( ٤ی مای ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هاووڵاتییەکی خەڵکی سنەیان بە ناوی " ئیدریس گەلەداری" دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوونیان گواستووەتەوە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی راگەیاند کە هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەستبەسەرکرانی ئیدریس گەلەداری، رژاونەتە ماڵی ناوبراو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراویان وەک لەبتاب و کتێب و ... لە گەڵ خۆیان بردووە.


لە لایەکی دیکەوە هەر لەو رۆژەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "زانیار نوورمحەممەدی"، خەڵکی گوندی " نەوەڕە"ی سنە کە کرێکاری ئیدارەی کارەبا بووە، لە سەر کارەکەی و لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازەراوەتەوە.

زانیار رۆژێک پاش دەستبەسەرکرانی لە رێگای پێوەندیی تەلەفوونییەوە تەنیا بە بنەماڵەکەی راگەیاندووە کە لە ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەرە.


شایانی باسە سەرەڕای هەوڵی زۆری بنەماڵەی ئیدریس گەلەداری و زانیار نوورمحەممەدی، هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەر دەستدا نیە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان هیچ وەڵامێکی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی رۆڵەکانیان نادەنەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە