دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە بارمتە ئازاد کران

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری مەهاباد کە مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، بە بارمتە ئازاد کران.

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ٠٠:١٩

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی دەورووبەری مەهاباد کە مانگی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوون، بە بارمتە ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٨ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی موحسین سولەیمانی و دیار سولەیمانپور دوای ٤١ ڕۆژ بەندکران هەر کامەیان بە دانانی بارمتە ٢٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم دوو کەسە، ئەوان لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بوون لە هەبوونی مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

موحسین سولەیمانی و دیار سولەیمانپوور خەڵکی گوندی خوڕخوڕەی مەهاباد ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١( لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرانەوە.

فارۆق سولەیمانپوور و مەسعوود سولەیمانپوور دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە کە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ ئەم دوو کەسە دەستبەسەر کرابوون، ڕۆژی چوارشەممە و بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوون.

جێگای  ئاماژەیە کە ناوەندە ئەمنییەکان ئەم چوار هاووڵاتییەیان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکوومەت تۆمەتبار کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە