دەستبەسەر کران و ئەشکەنجەی دوو سەربازی پایگای دەری مەریوان

هەنگاو: دوو سەربازی پایگای دەری مەریوان دوای هێرشی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر ئەو پایگایە لەلایەن ناوەندە .

٨ خەرمانان ٢٧١٨، ٠٠:٥٥

 

هەنگاو: دوو سەربازی پایگای دەری مەریوان دوای هێرشی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر ئەو پایگایە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەک شەممە (٣١ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ٢٢ی ژوئیەی ٢٠١٨)، دوو سەربازی پایگای دەری مەریوان، ڕۆژێک دوای هێرشی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ سەر ئەو پایگایە، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی هاوکاری و دانی نەخشە و شوێنی تەقەمەنی پایگا بەو هێزە، دەستبەسەر کراون.

ناسنامەی یەکێک لەو سەربازانە کە خەڵکی گوندی گوێزەکوێرەی مەریوانە بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە و ناسنامەی کەسی دیکەیان کە خەڵکی ڕەشت لە باکووری ئێرانە ئاشکرا نەبووە.

ناسنامەی ئەو سەربازە مەریوانیە کە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە محەمەد پەرتەوەی کوڕی عارف ڕاگەیەندراوە کە ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی چەند ڕۆژ پێش توانیویانە چاویان پێ بکەوێت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تا سنووری کوشتن ئەو سەربازە ڕەشتییەیان ئەشکەنجە داوە و نینۆکی هەر دە قامکەکەیان دەرهێناوە و دوای دە ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی، گواستوویانەتەوە بۆ هەمەدان و چارەنووسی نادیارە.

کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ( ٣٠ پووشپەڕ ٢٧١٨/ ٢١ ژوئیە ٢٠١٨)، یەکینەکانی پاراستنی ڕؤژهەلاتی کوردستان باڵی سەربازی کۆدار  بە کارهێنانی چەکی قورس هێرشیان کردە سەر پایگایی سپای پاسداران لە ئاوایی دەرێی سەربە شاری مەریوان.

هەرچەند میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ١١ کەس کوژراوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند کە لەو هێرشەدا ٢١ سەرباز کوژراوە و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە