دەستبەسەر کرانی لانیکەم ٧٢ هاووڵاتیی کورد لە یەک مانگدا

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

٢ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٧:١٨

 

هەنگاو: لەماوەی مانگی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی پووشپەڕی ٢٧١٩دا، زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن دام و دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی ٧٢ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

لە نێو ئەو کەسانەیدا کە دەستبەسەر کراون ٤٤ کەسیان خەڵکی پارێزگای ئورمیە، ١٧ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و ١١ کەسیان خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٧١ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و هاوکاری حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران دەستبەسەر کراون و کەسێکیش کاسبکار بووە. ژنێک لە نێو دەستبەسەر کراواندا بوونی هەیە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە دەستبەسەر کراون خەڵکی شارەکانی سایین قەڵا، مەهاباد، سەلاسی باوەجانی، ئورمیە و مەریوان بوون.

هەروەها ١٢ هاووڵاتیی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون کە لە ئەم ڕاپۆرتەدا باسیان نەکراوە.

ناوی تەواوی ئەو ٧٢ کەسە لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمار کراوە و ناسنامەی بەشێک لە دەستبەسەر کراوان لە شارەکانی سایین قەڵا، مەهاباد، مەریوان و سنە بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە