دەستبەسەر کرانی ژنێکی خەڵکی سنە و لاوێکی خەڵکی مەهاباد

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی دەستبەسەر و لاوێکی خەڵکی مەهابادیش .

٤ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١١:٢٨


هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ژنێکی خەڵکی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی دەستبەسەر و لاوێکی خەڵکی مەهابادیش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخرااوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نێوەڕاستی مانگی پووشپەڕ (سەرەتای ژوئیە)، ژنێکی خەڵکی سنە بە ناوی ”مریەم خوش ئەندام“ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئێڤینی تاران گوازراوەتەوە.


مریەم خوش ئەندام نزیکەی ٤٥ ساڵ تەمەنی هەیە و بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی دەستبەسەر کراوە. تۆمەتی ”هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی“ خراوەتە پاڵ مریەم خوش ئەندام، بەڵام هەتا ئێستا زانیاری زیاتر لە سەر دۆسیەکەی و ماوەی حوکمی بەندکرانەکەی نەزانراوە.


لەلایەکی دیکەوە و کۆتایی مانگی پووشپەڕ، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ”سیاوەش ڕوزخوون“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.


سیاوەش ڕووزخون بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر و لەو کاتەوە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە