دەلیل نەسری بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو،

١٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٢٠:١١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، دەلیل نەسری، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەنگیسەر دوای بانگ کران بۆ لقی چوارەمی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادگای شۆڕشی سنە بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی یەک ساڵەی بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

دەلیل نەسری ڕۆژی سێشەممە ٢ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٢٤ی سێپتامبری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای سنە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و دوای دوو حەوتوو بەندکران بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دوای دەستبەسەر کرانی ناوبراو هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ناوبراو و پشکنیبوویان و دەستیان بە سەر کەرەستە تایبەتییەکانیدا گرتبوو.

دەلیل نەسری زستانی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران حوکمی دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی ناوبراو بە تۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە ئێران دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بۆ پێبژاردنی پارە گۆڕدرا و حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پژاک وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە