زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی دوو حەفتە دوای کۆچی دوایی باوکی گەڕایەوە بەندیخانە

زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین کە ماوەیەک پێش دوای ٦ مانگ بە مەبەستی چاوپێکەوتنی باوکی لە نەخۆشخانە بۆ یەک

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٢:٢٥


هەنگاو: دووشەممە ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین کە ماوەیەک پێش دوای ٦ مانگ بە مەبەستی چاوپێکەوتنی باوکی لە نەخۆشخانە بۆ یەکەمجار مافی مرەخەسی پیدرابوو، ڕۆژی دووشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) دوای دوو حەفتە لە کۆچی دوایی باوکی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی خۆی بە بەندیخانەی سنە ناساندەوە.

زارا محەممەدی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی پووشپەڕ (٢٦ی جوون) و دوای ئەوەی باوکی لە نەخۆشخانە لە بەشی چاودێریی چڕدا ڕاگیرابوو، بە مەبەستی چاوپێکەوتنی باوکی مافی مرەخەسی ١٠ ڕۆژەی پێدرا و بە هۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و دواتر کۆچی دوایی باوکی، ئەو مرەخەسییە سێ جار درێژکرایەوە و دواجار دوای ٤٠ ڕۆژ و لەکاتێکدا دوو حەفتە لە کۆچی دوایی باوکی تێپەڕێبووی، گەڕایەوە بەندیخانە.

زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بانگی ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە کرا و لەوێ دەستبەسەر کرا.

زارا محەممەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٢٧١٩ دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای ٧ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی دۆسیەکەی ئازاد کرا.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەممەدی تەنیا ئەندامی ئەنجوومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجوومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بێ بەری کردبوو.

ئەم سزایە ڕەزبەری هەمان ساڵ لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر «مستەفا تەیاری» بۆ ٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە