ئیلام؛ موحسین ئەحمەدی، مامۆستای قوتابخانە و لە بەڕێوەبەرانی نەورۆزی کارەزان دەستبەسەر کرا

٢٥ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٢:١٦

هەنگاو؛ شەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

موحسین ئەحمەدی لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنان و یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارۆچکەی کارەزانی سەر بە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، لە چەند ڕۆژ پێشەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤ (١٠ی ئەپریلی ٢٠٢٤)، موحسین ئەحمەدی لە مامۆستایانی فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی ئیلام و یەکێک لە چالاکانی مەدەنی و بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کارەزان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەحمەدی، هێزە حکومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی موحسین ئەحمەدی، زانیارییەکی ورد لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە، ڕێوڕەسمی تایبەتیی نەورۆز لە بەشی کارەزان ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوەی ئەمساڵ بە بەشداریکردنی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس بەڕێوەچوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە