گیلان؛ سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی

لانی کەم ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی لە پارێزگای گیلان بە ناوەکانی تەیموور باقری‌کوودەکانی، تەهماسوب سوهرابی،

١٦ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ٢١:٣٥

هەنگاو: چوارشەممە، ١٦ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

لانی کەم ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی لە پارێزگای گیلان بە ناوەکانی تەیموور باقری‌کوودەکانی، تەهماسوب سوهرابی، غوڵامڕەزا ئەکبەرزادەباغبان، عەلی نەهالی، محەمەدجەواد سەعیدی، جەهانبەخش لاجوەردی، یەدوڵڵا بەهارەستانی، ئەنووش عادڵی، مەحموود سدیقیپوور و عەزیز قاسمزادە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٢٠ ساڵ بەندکردن بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی ڕابردوودا ١٠ مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی لە پارێزگای گیلان بە ناوەکانی تەیموور باقری‌کوودەکانی، تەهماسوب سوهرابی، غوڵامڕەزا ئەکبەرزادەباغبان، عەلی نەهالی، محەمەدجەواد سەعیدی، جەهانبەخش لاجوەردی، یەدوڵڵا بەهارەستانی، ئەنووش عادڵی، مەحموود سدیقیپوور و عەزیز قاسمزادە، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت هەرکامیان سزای ٢ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مامۆستا و چالاکانە جگە لە سزای بەندکردنیان، هەرکام سزای دوو ساڵ قەدەغەکردنی ئەندامەتیی حزب و گرووپ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بەسەردا سەپاوە.

دانیشتنی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەو ١٠ مامۆستا و چالاکە پیشەیییە، ٢٣ی ڕێبەندانی ئەمساڵ بەڕێوە چووە و هەروەها تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی پیشەیی و سەرپێچیکردن لە فەرمانی پۆلیس، دراوەتە پاڵیان.

شایانی باسە کە ئەنووش عادلی، مەحموود سدیقیپوور و عەزیز قاسمزادە پێشتر لەلایەن هەمان لقی دادگای شۆڕشەوە سزای ساڵێک بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە و دواتریش لەلایەن دادگای پێداچوونەوە جارێکی تر سزاکەیان پەسەند کراوەتەوە، هەنووکەش لە بەندیخانەی "لاکان"ی ڕەشت بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان ڕاگیراون.

ئەو مامۆستا و چالاکە لە مانگی خەرمانانی ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی لە پارێزگای گیلان، دەستبەسەر کراون و پاش دوو حەفتە بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە