ڕۆژی جیهانی زمانی دایک؛ دەستبەسەرکرانی ٨ مامۆستای زمانی کوردی و سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ٥ مامۆستای دیکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوە

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٢:٣٥

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا، گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ناوەندە مەدەنییەکان و مامۆستایانی خۆبەخشی بواری فێرکاری زمانی کوردی لە شارە جیاوازەکانی کوردستاندا هەڵکشاوە، بە شێوەیەک کە ٨ کەس لە مامۆستایانی زمانی کوردی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و پێنج مامۆستای زمانی کوردیش لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سەرجەم سزای ٣٦ ساڵ بەندکران و لێدانی ٨٠ قامچییان بەسەردا سەپاوە.
 

مافی زمانی دایک، یەکێک لە بنەماییترین مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت لە وڵاتانی فرە نەتەوە و فرە زمانیدایە. ئامانج لەو مافە ئەوەیە کە کەمینە زمانەنییەکان لە هەلومەرجی کۆمەڵگایەکدا کە زمانێکی هاوبەشیان نییە، بەجێگای بەکارهێنان یان سەپاندنی زمانی زۆرینە، بتوانن زمانی دایکی خۆیان بەتایبەت لە بواری پەروەردەدا بەکار بهێنن.
 

زمانی کوردی هاوکات لەگەڵ کەمینە زمانییەکانی دیکە، هەر لە سەرەتای بنیاتنانی دەوڵەت-نەتەوە و چەمکی نوێی دەوڵەت لە ئێراندا، بەردەوام قوربانیی ڕژێمی یەکگرتوویی زمانی و حاشالێکردن بووە. ئەو سیاسەتە دۆگماتیکە بە پاساوی جیاییخوازی و جیابوونەوە لە سەردەمی هاتنەسەرکار و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی چڕوپڕتر پەرەی سەندووە و ناوەندە ئەمنییەکان لەگەڵ زاڵبوون بەسەر سەرجەم پلان و سیاسەتە پەروەردەیی، کولتووری و دادوەرییەکاندا هیچکات ڕێگەیان بە مافی زمانی دایکی کەمینەکان نەداوە و لانی کەم بەپێی مادەی ١٥ی تۆمارکراو لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیشدا ئەو مافەیان بۆ کەمینەکان بە ڕەوا نەزانیوە و ڕەچاویان نەکردووە و تەنانەت ئەو چالاکانەش کە بەشێوەی خۆبەخشانە لە بواری فێرکاری زمانی کوردی بە هاووڵاتییاندا چالاکی دەکەن بە سازکردنی دۆسیەی ئەمنییەتی ڕێگای دەستبەسەرکران و سەپاندنی سزای قورس بەسەریاندا لە پێش گیراوە.

 

نکۆڵیکردنی سیستەماتیک لە زمانی کوردی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەمیشە لەگەڵ ترساندن، تۆقاندن، سیناریۆ سازی و سەپاندنی سزای قورسی دادوەری ڕووبەڕوو بووە بە شێوەیەک کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاکوان و مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەستبەسەرکراون و لە هەموو مافەکانی هاووڵاتیی بوون بێبەشکراون و دواتر لەلایەن دادگاکانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکرانی قورسیان بەسەردا سەپاوە.
 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هاوکات لەگەڵ داکۆکیکردن لە مافی زمانی دایک و پیرۆزبایی ٢١ی فێبریوەری، ڕۆژی جیهانی زمانی دایک لە سەرجەم چالاکانی بواری زمانی دایک، سیاسەتی زمانی هاوبەش و ڕوانگەی ئەمنییەتی لەسەر زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی ئێراندا شەرمەزار دەکات و داوای لێپرسینەوە بە تۆمەتی چالاکانی دەستبەسەرکراو بەپێی ستاندارەکانی لێپرسینەوەیەکی دادوەرانە و لە دادگایەکی ئاشکرادا دەکات.
 

نێوی مامۆستایانی زمانی کوردی کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەستبەسەرکراون؛

لە نێوان ئەو ناوانەدا سەیوان ئیبراهیمی جارێک دەستبەسەرکراوە و جارێکی دیکەش بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.

١-سەیوان ئیبراهیمی خەڵکی کامێران لە ڕێکەوتی ٣ی جەنیوەری ٢٠٢٣ لە شاری سنە دەستبەسەر کرا.

٢-سۆما پوورمحەممەدی خەڵکی سنە لە ڕێکەوتی ١٨ی جەنیوەری ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

٣-سروە پوورمحەممەدی خەڵکی سنە لە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەری ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرا.

٤-ئومێد مۆشیرپەناهی خەڵکی سنە لە ڕێکەوتی ٢٣ی فێبریوەری ٢٠٢٣ لە شاری سنەدا دەستبەسەر کرا.

٥-ئەحمەد غوڵامی خەڵکی بانە لە ڕێکەوتی ١ی مەی ٢٠٢٣ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

٦-ئازاد عەباسی خەڵکی دێولان لە ڕێکەوتی ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

٧-ئازاد ئەمینی خەڵکی سەقز لە ڕێکەوتی ١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

٨-موژگان کاووسی خەڵکی کەلاردەشت لە ڕێکەوتی ١٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

٩-سەیوان ئیبراهیمی خەڵکی کامێران لە ڕێکەوتی ٣٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

 

ناوی مامۆستایانی زمانی کوردی کە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛

لەو لیستەدا ئیدریس مینبەری و سەیوان ئیبراهیمی لە دوو دۆسیەی جودا و لە دوو دادگای جیاوازدا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

١-سەیوان ئیبراهیمی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانی سنە سزای یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٤٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

٢-واران محەممەدنژاد خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگا شۆڕشی سنە سزای ١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێندراوی بەسەردا سەپێندرا.

٣-ئیدریس مینبەری خەڵکی سنە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

٤-سروە پوورمحەممەدی خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

٥-سەیوان ئیبراهیمی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

٦-ئیدریس مینبەری خەڵکی سنە لەلایەن لقی ١٠٦ی دادگای تاوانەکانە سنە سزای یەک ساڵ بەندکران و لێدانی ٤٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرا.

٧-ئازاد ئەمینی خەڵکی سەقز لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سەقز، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە