ئورمیە؛ مامۆستا حەسەن جەنگخاە بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی حەوت ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانە گواسترایەوە

مامۆستا حەسەن جەنگخاە، مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس کە لەم دوایییانەدا سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندر

١٢ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٣:٤٧

 

هەنگاو؛ شەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

مامۆستا حەسەن جەنگخاە، مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی شاری سەڵماس کە لەم دوایییانەدا سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٢٩ی فێبریوەری ٢٠٢٤)، مامۆستا حەسەن جەنگخاە، دانیشتووی گوندی "حەوت خان" سەر بە شاری سەلماس، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای ئەو شارە، دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای ٧ ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوە.

مامۆستا حەسەن جەنگخاە، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایان لقی ئورمیە، سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو پێشتر لە ماوەی یەک حەفتە دەستبەسەربوونیدا، بە هۆکاری وەکوو ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێپرسینەوەی لێکراوە.

مامۆستا حەسەن جەنگخاە، لە ڕێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٠، لە کاتی سەفەرکردن بۆ گوندی دزێی مەرگەوەڕ لە ئورمیە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەو مامۆستا کوردە، لە ئاکامدا دوای یەک حەفتە دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە