سولەیمان عەبدی مامۆستای قوتابخانەکانی سەقز بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا

سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لقی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەس

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٩:٤٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣

سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان، لقی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ (٣ی مارسی ٢٠٢٤)، سولەیمان عەبدی، مامۆستای قوتابخانە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بانگکرا و دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواستراوە.

سولەیمان عەبدی پێشتر لە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی دووی سەقز بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نایاسایی لە گۆڕستانی ئایچی" سزای هەشت مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ زەربەی قامچی بەسەردا سەپێندرابوو.

شایەنی باسە کە، سزای ٨ مانگ بەندکرانی پێشووی ئەو مامۆستایە، بۆ ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بەو کەسانەی کە لە ژێر چاودێری کۆمیتەی ئیمداددان گۆڕدراو و سزای ٧٠ زەربەی قامچییەکەی، بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ هەڵپەسێندراوە.

ئەو چالاکە پیشەییە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢، لە شوێنی کارەکەی بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوە.

سولەیمان عەبدی ١٦ی خاکەلێوەی ئەمساڵیش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز گواستراوە و لە ئاکامدا، دوای ٢٣ ڕۆژ دەستبەسەربوون ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، بەدانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی سەقز ئازادکرا.

سولەیمان عەبدی پێشتر لە ساڵی ٢٧٢٢، بەهۆی چالاکییەکانی دەستبەسەرکرا و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە