سەقزییه‌کان بۆ رزگارکردنی هاووڵاتییەک لە سێداره، داوای لێخۆشبوونی بۆ دەکەن

هەنگاو: بڕیاره سبه‌ی پاشنیوەڕۆ هاووڵاتیان و ریش‌سپییەکانی شاری سەقز بۆ لێخۆشبوون له بەندکراوێکی مەحکووم بە سێدارە، لەبەردەم ماڵی کەسە کوژراوەکە کۆببن.

٢٥ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٩:٠٢

 

هەنگاو: بڕیاره سبه‌ی پاشنیوەڕۆ هاووڵاتیان و ریش‌سپییەکانی شاری سەقز بۆ لێخۆشبوون له بەندکراوێکی مەحکووم بە سێدارە، لەبەردەم ماڵی کەسە کوژراوەکە کۆببنەوە و داوای لێخۆشبوونی بۆ بکەن.

بەپێی راپۆرتی رێخکراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، پاشنیوەڕۆی سبەی چوارشەمە (١٦ی بانەمەڕ/٢٦ مەی) هاووڵاتییانی شاری سەقز لە مزگەوتی مەلابرایم هەڵکەوتوو لە چوارڕێیانی ئەو شاره، بۆ رزگار کردنی گیانی "شۆرش سەتارزاده" کۆ دەبنەوە و داوای لێخۆشبوونی بۆ دەکەن.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شۆرش سەتارزاده ١٠ سال پێش ئێستا و لە دەمەقاڵەیەکی خێزانیدا خەسووی خوشکەکەی بەناوی "خاوەر" کوشتووەو بەو هۆیەوە حوکمی سێدارەی بۆ بڕاوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە بەندیخانەی سەقزەوە بە “هەنگاو”ی ڕاگەیاند کە بەرپرسانی بەندیخانە لەماوەی ڕؤژانی ڕابردوودا بە بنەماڵەی شۆڕش یان ڕاگەیاندووە کە بە زوویی حوکمی سێدارەی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها، یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شۆڕش لە پەیوەندییەکی تەلفووونیدا دەستخۆشی لەو خەلکە کردووە کە ئەو چالاکییەیان ڕێک خستووە و هیوای خواستووە کە بنەماڵەی کوژراوەکە دلیان نەرم بێت و لە شۆڕش خۆش بن.

سەرچاوەکە گوتیشی، شۆڕش بەبێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ خەسووی خوشکەکەی هەبێ، لە کاتی دەمەقاڵێی ناوبراو و زاوەکەیان، دایکی زاواکەیان کەوتۆتە بەر گولەی چەکی ئەو و کوژراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە