سەلەفییەکان دوای مەریوان و سەقز ئەمجارە لە سنە هەڵیانکوتایە سەر خەڵک

هەنگاو: ژمارەیەک لە سەلەفی و ئەندامانی گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەمان شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر چەند لاوێک بە

٣ جۆزەردان ٢٧٢١، ٠٤:٤٨

 

هەنگاو: ژمارەیەک لە سەلەفی و ئەندامانی گرووپە توندئاژۆ ئیسلامییەمان شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر چەند لاوێک بە چەکی گەرم و سارد ڕژانە سەر شەقام و تەقەیان کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧٢١( ٢٣ی مەی ٢٠٢١)، ژمارەیەک لە سەلەفییەکانی شاری سنە کە سەر و چاوی خۆیان داپۆشتبوو و لە سەر ماتۆر بوون و دروشمی “اللە اکبر”یان دەوتەوە هەڵیان کوتایە سەر گۆڕەپانی شوورا و شەقامی خزری زیندوو لە گەڕەکی حاجیاوای سنە و هاووڵاتییەکیان بە ناوی “ناسیح” بریندار کرد.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دانیشتوانی گەڕەکی حاجیاوا بەرەنگاری سەلەفییەکان بوونەتەوە و لەئاکامدا دوو ئەندامی گرووپە سەلەفییەکان بریندار و بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراونەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە  هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، دوای ئەوەی ئەو دوو کەسە بە نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراونەتەوە ژمارەیەکی زۆر لە سەلفییەکان بە شـمشێر و چەکەوە چوونەتە پێش نەخۆشخانەکە و تەقەیان کردووە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر هەموو شەقامەکانی دەورووبەری نەخۆشخانەکانی کەوسەر و “تامین اجتماعی” یان داخستووە.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا گرووپە سەلەفییەکان لە شارەکانی سەقز، سنە و مەریوان چەند جار هێرشیان کردووەتە سەر خەڵک. ئەم گرووپانە کەناڵی ئیستاگرامی و تێلێگرامیان داناوە و بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتن لە هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەن.

جێگای ئاماژەیە سەرباری ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەکان لە شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنییان زاڵ کردووە، بەڵام بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەلنەگرتووەەوە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەم گرووپانە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە