سەوڵاوا/هێزە چەکدارەکان تەقەیان لە خەڵکی مەدەنی کرد و شارۆمەندێکیان کوشت

هەنگاو: دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی جێگر لە بنکەی سەربازیی گوندی "هەورامانی تەخت"ی سەر بە شاری "سەوڵاوا"، کوژرانی شارۆمەندێکی لێ کەوتەوە.

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ٢١:٥٢

 

هەنگاو: دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی جێگر لە بنکەی سەربازیی گوندی "هەورامانی تەخت"ی سەر بە شاری "سەوڵاوا"، کوژرانی شارۆمەندێکی لێ کەوتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆفی هەنگاو، ئێوارەی سێ شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٧ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی جێگر لە بنکەی سەربازیی گوندی هەورامانی تەخت کە سەر بە شاری سەوڵاوای پارێزگای سنەیە، لە ناکاو دەسڕێژیان لە خەڵکی مەدەنیی گوندەکە کردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی شارۆمەندێکی کورد.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە هۆی دەسڕێژی لەناکاوی ئەو هێزانەوە، شارۆمەندێک بە ناوی "سەعدی ڕۆستەم زادە" لە شوێنەکە کوژراوە.

هێزە چەکدارەکان پاش کوشتنی ئەو شارۆمەندە ڕایانگەیاندووە کە تەقەیان لە کاسبکاران کردووە، بەڵام دانیشتوانی گوندەکە بە هەواڵنێری هەنگاویان ڕاگەیاند، هیچ کاسبکارێک نەهاتووەتە ناو گوندەوە تا هێزە چەکدارەکان تەقەی لێ بکەن.

تەرمی سەعدی ڕۆستەمزادە گوازراوەتەوە بۆ سنە و خەڵکی گوندیش لەگەڵ هێزەکانی ناو بنکە سەربازییەکە تووشی شەڕ و پێکدادان بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە