شەریف خەبات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بانە دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیاره.

٢٦ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٤:٤٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بانە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و چارەنووسی نادیاره.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە هاووڵاتییەکیان بە ناوی شەریف خەبات تەمەن ٣٧ ساڵ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شەریف خەبات کە دانیشتووی گوندی ”شۆی“ شاری بانەیە، بەبێ پیشاندانی بەڵگەی دادوەری دەستبەسەر کراوە و سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکەی شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی نادیارە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکارەکانی دەستبەسەر کران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خرابوونەوە پاڵ ناوبراو لە بەر دەستدا نیە.

 جێگای ئاماژەیە کە شەریف خەبات خێزاندار و باوکی دوو منداڵە و ساڵی ڕابردووش بۆ ماوەی ٢٧ ڕۆژ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای ئازادی کاتی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سەقز بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە