لاوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە گیانی لە دەست دا

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی ئورمیە کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانە گیانی لە دەست دا.

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١١:٥٦

 

هەنگاو: لاوێکی خەڵکی ئورمیە کە حەوتووی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی ئەو هێزانە گیانی لە دەست دا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (١٦ی جولای ٢٠٢١)، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە ناوی “ڕەحمان ئەحمەدیان” تەمەن ٣٨ ساڵ و کوڕی نەریمان، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شاره لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لە دەست داوە.

ڕەحمان ئەحمەدیان ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ (١٣ی جولای) لەگەڵ چەند کەسی دیکە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی ڕەحمان ئەحمەدیان کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند: “ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە پەیوەندی بە ماڵی ڕەحمان کراوە و پێیان وتراوە کە کوڕەکەتان خۆی هەڵواسیوە وەرن تەرمەکەی وەربگرنەوە”.

ناوبراو لە درێژەدا وتی “ ئەوان بە ئێمەیان وتووە کە خۆمان تەرمەکەمان بردووەتە پزیشکی داد و پێویست ناکا ئێوە بیبەن و دوو مانگی دیکە وڵامی پزیشکی داد بۆ ئێوە دەنێرنەوە”.

یەکێکی دیکە لە نزیکەکەنای ڕەحمان ئەحمەدیان بە هەنگاوی وت: “ ئاسەواری ئەشکەنجە بە جەستەی ڕەحمان دیار بووە و شان و ملی شین بووەتەوە”.

ڕەحمان ئەحمەدیان خەڵکی گوندی سیر حەیدەرلووی ئورمیە بووە و ڕۆژی ڕابردوو تەرمەکەی لە کەشێکی ئەمنیدا لە زێدەکەی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە