لە مەهاباد ژنێکی گەنج بە دەستی شووەکەی کوژرا

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ (٢٣ی جولای ٢٠٢٢)، ژنێکی گەنجی خەڵکی مەهاباد بە ناوی بەفرین ڕەسوو

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١١:٢٦


هەنگاو: دووشەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممە ١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ (٢٣ی جولای ٢٠٢٢)، ژنێکی گەنجی خەڵکی مەهاباد بە ناوی بەفرین ڕەسووڵی ٢٧ ساڵە بە دەستی شووەکەی بە ناوی " ئومێد. ک" کوژرا.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەسووڵی لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: "تەرمی بەفرین ڕەسووڵی بە مەبەستی توێکاری پزیشکی ڕەوانەی پزیشکی دادی ئورمیە کراوە و هەتا ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە".

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم ژن و مێردە گەنجە لە ڕۆژانی ڕابردوودا کێشەیان هەبووە و تەنانەت ڕۆژێک پێش لەوەی بەفرین بکوژرێت، دایکی ناوبراو چووە بۆ ماڵیان، بەڵام شووەکەی ئیزنی نەداوە کە بچێتە ماڵەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە بکوژەکە لەپێشدا بە قامچی لە بەفرینی داوە بە جۆرێک کە جەستەی شین بووەتەوە و دواتر خنکاندوویەتی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بکوژەکە دوای کوشتنی بەفرین تەرمەکەی هەڵواسیوە و دواتر کاتژمێر ١١ی شەو تەلەفۆنی بۆ پۆلیس کردووە و وتوویەتی کە ژنەکەم خۆی کوشتووە.

جێگای ئاماژەیە کە هەمان شەو ئومێد. ک لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی دواتر بە بارمتە ئازاد کراوە.

بەفرین ڕەسووڵی پێشترین هاوسەرگیرییەکی نا سەرکەوتووی بووە و خەڵکی گوندی قەمتەرە و دانیشتووی گەڕەکی بەهمەنی مەهاباد بووە. ناوبراو دوو مانگ پێش بۆ جاری دووەم ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە.

هەنگاو زانیویەتی کە بنەماڵەی ڕەسووڵی لە دەزگای داد سکاڵایان لە سەر هاوژینی بەفرین تۆمار کردووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە