موژگان کاووسی چالاکی کورد بە هۆی ڕێگری هاوژینەکەیەوە لە مافی وەرگرتنی پاسپۆرت بێبەش کراوە

موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد سەرباری ئەوەی سزای چوونەدەرەوەی وڵات لەسەری هەڵگیراوە، بە مەبەستی وەرگرتنی پاسپۆرت لەلا

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ٠٤:٠٩


هەنگاو: دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی پێشووی کورد سەرباری ئەوەی سزای چوونەدەرەوەی وڵات لەسەری هەڵگیراوە، بە مەبەستی وەرگرتنی پاسپۆرت لەلایەن هاوژینەکەیەوە ڕێگری لێدەکرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، موژگان کاووسی بەندکراوی سیاسی پێشوو، لێکۆڵەر و چالاکی بواری مافەکانی کەمایەتییەکان کە دوای ٢١ مانگ لە بەندیخانە ئازاد کرا، دوای ئازادبوونی لە بەندیخانە و سەردانی ناوەندەکانی وەرگرتنی پاسپۆرت، ئاگادار کراویەوە کە مافی چوونە دەرەوە لە سنوورەکانی ئێرانی لێ زەوت کراوە.

موژگان کاووسی پێشتر ڤیدیۆیەکی بڵاو کردبووە و ڕایگەیاند کاتێک بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە هاتوومەتە دەرەوە ئاگادار کراومەوە کە لەلایەن دادوەرەوە مافی چوونە دەرەوە لە وڵاتم بۆ ماوەی یەک ساڵ لێ زەوتکراوە. ئێستا ئەو ماوەیە تەواو بووە موژگان کاووسی دەیهەوێت پاسپۆرت بگرێت هەتا بە شێوەی یاسایی و فەرمی بۆ ئەو سیمینار و کۆنفرانسە زانستیانە کە لە دەرەوە بانگهێشت دەکرێت بەشداری بکات.

ماددەی ١٨ی یاسای پاسپۆرتی ئێران لەبارەی چوونە دەرەوەی ئەو ژنانەی کە شوویان کردووە دەڵێت کە بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت پێویستی بە ئیزنی هاوژین هەیە، هەر لەو ڕاستایەدا موژگان کاووسی پێویستی بە ئیزنی هاوژینەکەی هەیە و بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو هاوژینەکەی ڕێگری کردووە لەو کارە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، هاوژینی موژگان کاووسی کە ناسنامەی لای هەنگاو پارێزراوە، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە وەرگرتنی پاسپۆرت بە مانای چوونە بۆ ئەورووپا و چوون بۆ ئەورووپاش بە مانای جیابوونەوەی موژگانە و هەر بەم هۆیەش مافی وەرگرتنی پاسپۆرتی لە موژگان وەرگرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە موژگان کاووسی چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک نایەوێت لە وڵاتێکی ئەورووپایی نیشتەجێ بێت و زێدەکەی بەجێ بهێڵیت.

موژگان کاووسی خەڵکی کەلاردەشت ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٦ی جەنیوەری ٢٠٢٢) دوای تێپەڕاندنی ٢١ مانگ لە سزای ٢ ساڵ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی کەچوویی شاری کەرەج ئازاد کرا. ناوبراو پێشتر سزای سێ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا بوو کە ئەو سزایە بۆ ٢ ساڵ کەم کرایەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە