هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.

٤ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٧:٥٢


هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی دێولان لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا. لاوێکی دیکەش دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، لەپەتی سێدارە ڕزگاری بوو.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٣ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی دێولان بە ناوی ”سینا محەمەدی“ لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێ کرا.


یەکێک لە نزیکانی سینا محەمەدی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند : ”سینا لە کاتێک تووشێ تاوان بووە تەمەنی ١٩ ساڵ بووە و هاوڕێێەکی خۆی کوشتووە“. بە وتەی ناوبراو، سینا سەرەتا حوکمی ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە حوکمەکەی گۆڕدراوە و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە.


سینا محەمەدی لە تەمەنی ٢٦ ساڵان لەسیدارە دراوە و ماوەی ٧ سال بوو کە لە بەندیخانەی شاری سنە ڕاگیرابوو.

هەروەها، حوکمی سێدارەی عەدنان میرەکی، کە ەئویش خەڵکی دێولان بوو و بڕیار بوو ئەمڕۆ حوکمەکەی جێبەجێ بکرێت، دوای لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە هەڵوەشایەوە و ناوبراو لەپەتی سێدارە ڕزگاری بوو.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ چالاکانی بە مەبەستی ڕێگری کردن لە جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی سینا، لە بەر دەرگای بەندیخانەی شاری سنە کۆ ببوونەوە. یەکێک لەو چالاکانە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، دوای ئەوەی باوک و دایکی کوژراوەکە چوونەتە ناو بەندیخانە، هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خەڵکەکە تووشی تێکهەڵچوون بوون و بڵاوەیان پێێان کردووە.


بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ٤ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی کرماشان، سنە و سەقز لەسێدارە دراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە