جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی کرماشان

١٣ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٤:١٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بەناوی عەلی‌ئەشرف خانی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١ی مەی ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی عەلی‌ئەشرەف خانی تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە، عەلی‌ئەشرەف خانی پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سیدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەواڵی لە سێدارەدرانی عەلی‌ئەشرەف خانی هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە