جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٧٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤

١٤ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ١٢:١٠

هەنگاو؛ هەینی ١٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٧٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی مارس کە ١٨ بەندکراو لە سێدارە درابوون، ٥٩ حاڵەت واتا ٣٢٨٪ زیاتر بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٧٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە، ناسنامەی ٧٥ کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی ئەپریلدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٨ بەندکراوی بەلووچ، ١٠ بەندکراوی کورد، ٧ بەندکراوی تورک و ١١ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

لە مانگی ڕابردوودا دوو ژن بەناوەکانی مەرجان حاجیزادە خەڵکی ساینقەڵا لە بەندیخانەی زەنجان، سورەیا محەممەدی خەڵکی پاکدەشت لە بەندیخانەی قزڵحیسار و ژنێکی بەلووچ لە بەندیخانەی بیرجەند لە سێدارە دراون.

زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی بووە کە لەو مانگەدا ١٦ حاڵەت جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایەدا تۆمارکراوە. پارێزگای ئەلبۆرز بە ١٣ حاڵەت، ئیسفەهان ٧ حاڵەت، کرمان ٦ حاڵەت و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ٥ حاڵەت و پارێزگاکانی فارس و خوراسانی باشوور هەر یەک بە ٤ حاڵەت لە پلەی دواتردان. لە بەندیخانەکانی پارێزگاکانی لوڕستان و مەرکەزی هەر کام ٣ حاڵەت و بەندیخانەکانی سیستان و بەلووچستان، زەنجان، گوڵستان و هورموزگان هەر یەک ٢ حاڵەت و هەروەها لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئورمیە، ئەردەبیل، خووزستان، قۆم، سنە، گیلان و هەمەدان هەر کام یەک حاڵەت لە سێدارەدرانی بەندکراوان تۆمار کراوە.

لە سەرجەم ئەو ٧٧ بەندکراوەی لە مانگی ئەپریلدا لە سێدارە دراون تەنیا چوار حاڵەت بەرانبەر بە ٥٪ی سەرجەم حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە.

 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە مانگی ئەپریلدا بەندکراوێکی مەزهەبی لە سێدارە دراوە و زیاترین لە سێدارەدرانەکان پەیوەندییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ٥٢ حاڵەت واتا ٦٧.٥٪ کۆی حاڵەتەکان بووە.


تۆمەتبارانی کوشتنی بە ئەنقەست: ٢٦ حاڵەت
تۆمەتبارانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٥٠ حاڵەت
دەستدرێژی سێکسی: ١ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە