هاووڵاتییەکی سەقزی سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە لە کۆتاییی مانگی خەزەڵوەردا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابو

٢٣ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١١:١٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە لە کۆتاییی مانگی خەزەڵوەردا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، "عیرفان مورتەزایی" تەمەن ٣٢ ساڵ، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی شاری سەقزی پارێزگای سنەوە، سزای دوو ساڵ بەندکرانی بۆ بڕاوەتەوە و بڕیاری دادگا ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز (١٣ی سێپتامبەر) بە شێوەی فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیاندراوە.

بڕیاری دادگا لە لایەن دادوەر جەواد مستەفایی و بە تۆمەتی ئەندامەتی لە هەردوو حیزبی پارتی ئازادیی کوردستان(پاک) و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بۆ عیرفان مورتەزایی دەرچووە و ناوبراو ٢٠ ڕۆژی مۆڵەت هەیە ناڕەزاییی خۆی بەرانبەر بە بڕیارەکە دەرببڕێ.

عیرفان مورتەزایی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر (١١ی نۆڤامبەر)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و پاش چوار ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

ناوبراو کە پێشتر بۆ ماوەی چەند ساڵ ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بووە و دواتر بووەتە ئەندامی کۆمەڵە، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٢٧١٩ و پاش جیا بوونەوەی لەم حیزبە گەڕایەوە سەقز و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دواتر و لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵیشدا دیسان دەستبەسەر و پاش چوار مانگ بە دانانی بارمتە (تاپۆی ماڵی باوکی)، بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە