هێرشی چەکدارانە بۆ سەر یەکێک لە چالاکانی دژ بە داگیرکردنی زەوییەکانی جوانڕۆ

هەنگاو: گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە شاری جوانڕۆ هێرشیان کردە سەر یەکێک لە چالاکانی ناسراوی مەدەنی کە چەند ساڵێکە وەکوو لیدێری بەرەنگاریی

٢٧ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:٠٦


هەنگاو: گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە شاری جوانڕۆ هێرشیان کردە سەر یەکێک لە چالاکانی ناسراوی مەدەنی کە چەند ساڵێکە وەکوو لیدێری بەرەنگاریی گەندەڵیی زەوی و زار لەو شارە چالاکی دەکات.


بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، بەرەبەیانی هەینی ڕێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٦ی مەی ٢٠٢٠)، کەسانێکی نەناسراوی چەکدار هێرشیان کردووەتە سەر ”وەلی سەلیمی“ چالاکی مەدەنیی و یەکێک لە ڕێبەرانی بەرەنگاریی گەندەڵیی حکوومەتیی سازماندراو لە جوانڕۆ.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنیە ناسراوە لە کاتێکدا کە بە ئۆتۆمبێل لە ناو ڕێگادا بووە، دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و سەرەڕای بەرکەوتنی ماشێنەکەی، خۆی بە سڵامەتی دەرباز بووە.


”وەلی سەلیمی“ ٤١ ساڵ تەمەن و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر (کارناسیی باڵا)ی زانستە سیاسییەکان و یەکێک لە سیما ناسراوەکانی جوانڕۆیە.


ناوبراو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی لێبڕاوانە لە بواری بەرپەرچدانەی گەندەڵیی بەرپرسانی حکوومەتی و بەتایبەتی گەندەڵییە سازماندراوەکانی زەوی و زار چالاکیی کردووە و وەکوو یەکێک لە ڕێبەرانی ئەو ڕەوتە دژەگەندەڵییە دەناسرێت.


هەتا ئێستا ناوەندە پێوەندیدارە حکوومەتییەکان لە شاری جوانڕۆ لەبارەی ئەم کردەوە تیرۆریستییەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە، بەڵام سەرچاوەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە ئەندامانی شۆرای شار بە ناوی “ئە . و“ ئەم پیلانەی داڕشتووە. زانیارییەکانی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە “ئا.ی“ لە ماوەی چەند ڕۆژی پێشوودا چەندین جار هەڕەشەی لەو چالاکە مەدەنییە کردبوو.


”وەلی سەلیمی“ سێ ساڵ پێش ئێستا لە خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاویدا لەسەر سکاڵای شەهاب نادری، نوینەری ناوچەی هەورامان (پاوە، جوانڕۆ، ڕوانسەر و سەلاسی باوەجانی) لە پارلەمانی ئێران، لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.


ناوبراو ساڵی ٩٦ی هەتاوی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە خستنەدەرەوەی ڕاستییەکانی مامەڵەی ناوخۆیی ناوەندە حکوومەتییەکانی جوانڕۆ و پێ‌سپاردنی زەوییەکانی گردی ”ئەڵاهوو ئەکبەر“ و هەروەها پێدانی قەرزی ٣٠ میلیارد تمەنیی بە شەهاب نادری هەبوو. نادری لە ڕێککەتنێکی جێی شک و گوماندا ئەو زەوییانەی پێ بەخشرابوو کە شارەکێکی گەشت و گوزار دروست بکات.


پاش ئاشکرابوونی ئەو مامەڵەیە و کەوتنەدەرەوەی ڕاستییەکان چەندین گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵکی ساری جوانڕۆوە ئەنجام دران.


هەنگاو هەر ئەو کات لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردبوو کە شەهاب نادری لە بەر چاوی چەند کەسێکی دیکەوە هەڕەشەی لە ”وەلی سەلیمی“ کردبوو و پێی ڕاگەیاندبوو: ”لەم شارە وە دەرت دەنێم و ژیانت لێ تاڵ ئەکەم“.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە