ئورمیە / هاووڵاتییەک لە پاش هەڵوەشانەوەی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشنی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕا

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٣:٥٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشنی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ بڕابوویەوە، لە پاش ئەوەی سزاکەی لە لایەن دیوانی بالای دادوەرییەوە هەڵوەشاوە، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،، رۆژی هەینی ٨ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٣٠ جولای ٢٠٢١)، عەبدولعەزیز گوڵمحەمەدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١٠ سال بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ جێبەجێ کرانی سزاکەی لە کاتێکدایە کە سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی ناوبراو، ماوەیەک لەمەوبەر لە لایەن لقی ٤١ دیوانی باڵا هەڵوەشاوە و بۆ تاوتوێ کردنی دووبارە، گەڕێندرایەوە بۆ لقی هاوئاستی دادگای شۆڕشی ئورمییە.

عەبدولعەزیز گوڵمحەمەدی، ڕۆژی چوارشممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، لەگەڵ چوار هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و نایب حاجیپوور دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (فێوریەی ٢٠٢١)، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئورمیەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر شێخلوو، بە تۆمەتی هەوڵدان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا سزای ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا و پاشان بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ماوەیەک لەمەوبەر سزای عەبدولعەزیز گوڵمحەمەدی لە لایەن لقی ٤١ دیوانی باڵاوە هەڵوەشاوە و بۆ تاوتوێ کردنی سەرلەنوێ گوازرایەوە بۆ لقی هاوئاست لە دادگای شۆڕشی ئورمیە. سەرەڕای ئەمەش، بەر لەوەی جارێکی دیکە دۆسیەکەی بخرێتەوە گەڕ و سزای نوێی بۆ دەربچێ، بۆ جێبەجێ کرانی سزاکەی پێشووی، دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە