پزیشکێکی خەڵکی ڕوانسەر لە تاران دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری تاران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پزیشکێکی خەڵکی ڕوانسەر و دەستبەسەریان کرد.

١١ جۆزەردان ٢٧١٩، ١٤:٢٩

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری تاران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پزیشکێکی خەڵکی ڕوانسەر و دەستبەسەریان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (١١ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ١ی ژوئەنی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری تاران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ”سیروان محەمەدعەلییان“ خەڵکی گودنی قوڕیقەڵا سەر بە بەخش (ناحیە)ی شاهۆی ڕوانسەر و دەستبەسەریان کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی محەمەدعەلییان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، سیروان تەمەنی ٢٦ ساڵ بووە و دوای دەستبەسەر کران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

سیروان محەمەدعەلییان چوارساڵ پێش لەگەڵ برایەکی بە ناوی کەیهان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و دواتر دەزگای دادوەریی ئێران بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئێران هەرکامەیانی بە ١٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کرد.

حوکمی سیروان دواتر لەلایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٥ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە و کەیهانیش بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان ناچار بوو کە ڕوو لە وڵاتێکی ئەورووپایی بکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە