پێکدادانێکی چەکداری لە سنووری شنۆ هاتەئاراوە

هەنگاو: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە پێکدادانێکی چەکداری لە سەر سنووری شاری شنۆ ڕووی داوە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و دوو کەسی دیکەش بەدیل گیراون.

٢٧ خەرمانان ٢٧٢١، ١٤:٣٢

 

هەنگاو: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە پێکدادانێکی چەکداری لە سەر سنووری شاری شنۆ ڕووی داوە کە بووەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و دوو کەسی دیکەش بەدیل گیراون.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی پێنجشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١٦ی سێپتامبری ٢٠٢١)، پێکدادانێکی چەکداری لە نێوان گروپێک لە هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە سەر سنووری شاری شنۆ لەگەڵ سپای پاسداران ڕوویداوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم تێکهەڵچوونە  کورتە لە ناوچەی خنێرە لە سەر سنووری شنۆ هاتووەتە ئاراوە.

شاهیدحاڵەکان ڕایانگەیاندووە کە لە ئەم تێکهەڵچوونەدا دوو ئەندامی هێزەکانی PKK لە لایەن سپای پاسدارنەوە بە دیل گیراون. بە گوێرەی زانیارییەکان ئەم دوو کەسە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنی سپا لە شاری ئورمیە گوازراونەتەوە.

هەروەها هێزەکانی سپا دوو تەرمیان لەگەڵ خۆیان بۆ پادگانی شاکراوای شاری شنۆ گواستووەتەوە کە هێشتا نەزانراوە ئەو دو وتەرمە هی کام لای شەڕەکە بوون.

بە سەرنجدان بەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران پێشتریش لە کاتی تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان، مافی مرۆڤیان پێشێل کردووە و بە تایبەت سەبارەت بە مافی  بەدیلگیراوەکان و مافی ژیانی ئەوان کەمتەرخەم بوون، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە دامەزراوە و چالاکانی مافی مرۆڤ دەکات، بەدواداچوون بۆ دۆخی ئەم دوو بەدیلگیراوە بکەن.

ڕۆژی ڕابردوو ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایانگەیاندبوو دوو ئەندامی گرووپێکی چەکدار لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە دەستبەسەر کراون بەڵام ئاماژەیان بە شوێن و کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم کەسانە نەکردبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە