پەناخوازێکی کورد دوای ون بوون لە تورکیا بە دەست و لاق شکاوی دۆزرایەوە

هەنگاو: عیسا بازیار، چالاکی مەدەنی کورد کە ئێستا لە تورکیا دەژیت، دوای ئەوەی کە لە سێ ڕۆژ پێشەوە ون ببوو، لە حاڵێکدا چەندین شوێنی جەستەی شکاوە

٥ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١١:٢١


هەنگاو: عیسا بازیار، چالاکی مەدەنی کورد کە ئێستا لە تورکیا دەژیت، دوای ئەوەی کە لە سێ ڕۆژ پێشەوە ون ببوو، لە حاڵێکدا چەندین شوێنی جەستەی شکاوە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دۆزراوەتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عیسا (ئاوات) بازیار، چالاکی مەدەنی کورد کە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ خێزانەکەی وەکوو پەناخواز ڕوویان لە تورکیا کردووە، ڕۆژی جوارشەممە ٤ی پووشپەڕێ ٢٧٢٠ (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، لە حاڵێکدا کە بە سەختی بریندار کراوە، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دۆزراوەتەوە و بۆ نەخۆشخانەی شاری ”گوردن“ لە پارێزگای ئیستانبۆل گوازراوەتەوە.


حاسڵە بازیار، کچی عیسا بازیار لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا لەگەڵ یەکێک لە هاوکارنی هەنگاو لە تورکیا ڕایگەیاندووە کە“ باوکی دەستی، لاقی، دنەکانی و مۆرەیەکی ملی شکاوە و لەئێستا دۆخی تەندروستی ناوبراو جێگیرە“.


هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە نەزانراوە کە ئەو چالاکە کوردە لەلایەن چ کەسێکەوە هێرشی کراوەتە سەر و پۆلیسی تورکیاش هیچ لێدوانێکی لەوبارەوە نەداوە.

عیسی بازیار، تەمەن ٤١ ساڵ، پسپۆڕی پووچەلکردنەوەی مین و یەکێک لە چالاکانی پشتگیری لە قربانیانی مین و خەڵکی شاری ئابدانان سەر بە پارێزگای ئیلامە.


ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین کتێبی لە سەر مین و مەترسییەکانی مین چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە دەتوانین ئاماژە بە کتێبی ”هەتا دوایین مینی زەوی“ ئاماژە بکەین.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە