پەناخوازێکی کورد لە ئەڵمانیا مەترسیی دیپۆرت کرانی لەسەرە

هەنگاو: پەناخوازێکی کوردی خەڵکی نەغەدە کە سێ ساڵە لە ئاڵمان داوای مافی پەنابەریی کردووە، مەترسیی دیپۆرت کرانی لەسەرە.

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٠:١٧

 

هەنگاو: پەناخوازێکی کوردی خەڵکی نەغەدە کە سێ ساڵە لە ئاڵمان داوای مافی پەنابەریی کردووە، مەترسیی دیپۆرت کرانی لەسەرە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەنابەرێکی سیاسیی کورد با ناوی "شەهرام تاجگەردوون" خەڵکی گوندی "قاڕنێ"ی سەر بە شاری نەغەدە لە پارێزگای ئورمییە، لە پاش ڕەت کرانەوەی داواکاریی پەنابەرییەکەی لە وڵاتی ئەڵمانیا، مەترسیی جیدیی دیپۆرتکرانەوەی لەسەرە.

شەهرام تاجگەردوون لە ساڵی ٢٠١٨ چووەتە ناو خاکی ئاڵمانیا و داوای مافی پەنابەریی کردووە. لە پاش چەند جار ڕەت کرانەوەی داواکەی، ئێستا لە ناوەندێکی تایبەت دیپۆرت لە شاری فۆرتسهایم، لە بەندی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و گوشارێکی دەروونیی زۆری لەسەرە.

بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، بەرپرسانی ئاڵمانیا بەم پەنابەرەیان ڕاگەیاندووەڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٤ی جولای ٢٠٢١) دیپۆرتی ئێران دەکرێتەوە.

شەهرام تاجگەردوون، خەڵکی گوندی قاڕنێی سەر بە شاری نەغەدەیە کە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامی و لە پاش فەتوانی جیهادی خومەینی بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان، لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئێرانەوە خەڵکەکەی کۆمەڵکوژ کران و نزیک بە ٧٠ کەس لە دانیشتووانی ئەم گوندە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئیرانەوە کوژران.

شایەدە بەجێماوەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە لە پاش ئەم ڕووداوە، بە هۆی ترسی حکوومەت لە گێڕانەوەی ڕووداوەکە لە لایەن ئەوانەوە هەموو کات لە ژێر ئازار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکاندا بوون. شەهرام تاجگەردوونیش هەر بەم هۆیە و بە هۆی ئەمنی و سیاسی ناچار بووە وڵاتی ئێران بەجێ بێڵێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاوکات لەگەڵ دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری دیپۆرت کرانەوەی شەهرام تاجگەردوون، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات، مەترسییەکانی گەڕاندنەوەی ناوبراو بۆ ئێران بخەنە بەر سەرنجی تایبەت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە