چالاکێکی کرێکاری کورد حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: بێهنام ئیبراهیم زادە چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

١٣ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٨:٣٢

 

هەنگاو: بێهنام ئیبراهیم زادە چالاکی کرێکاری کورد لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (١٣ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ٤ی امرسی ٢٠١٩)، بێهنام ئیبراهیم زادە چالاکی کرێکاری خەڵکی شنۆ  لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە دادوەریی ئیمان ئەفشاری حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو حوکمە، بێهنام ئیبراهیم زادە بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت” ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حکومەت”  حوکمی یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە. بە پشتبەستن بە ماددەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، زیاترین سزا  واتە ٥ ساڵ بەندکران بۆ ئەم چالاکە کرێکارییە جێبەجێ دەکرێت.

ئەو چالاکە کرێکارییە کوردە دوای ئەوەی حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپا، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

بێهنام ئیبراهم زادە درەنگانی شەوی چوارشەممە (٢١ی سەرماوەز / ١٢ی دێسامبر) دوای  هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییەی خەڵکی شنۆ هاوین ئەمساڵ و لەکاتی گەیاندنی هاوکاری بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لیدراوی سەرپێڵی زەهاو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە دەستبەسەر و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

بێهنام ئیبراهیم زادە ئەندامی کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ ڕێکخراوە کرێکارییەکان و کۆمەلەی داکۆکی لە مافی منداڵانی کار و شەقامە و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ٦ جار دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی ٨ ساڵ لە بەندیخانەکانی ڕەجایی شاری کەرەج و ئێڤینی تاران بەند کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە