چوار ئەندامی بنەماڵەی پێشمەرگەیەک لە کرماشان دەستبەسەر کران

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە پارێزگای کرماشان چوار ئەندامی بنەماڵەی پێشمەرگەیەکیان دەستبەسەر کردووە کە دوو کەسیان ژنن.

٧ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٣:١٩

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران لە پارێزگای کرماشان چوار ئەندامی بنەماڵەی پێشمەرگەیەکیان دەستبەسەر کردووە کە دوو کەسیان ژنن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕۆژی شەممەی حەفتەی ڕابردوو (١ی بانەمەڕێ ٢٧١٨ / ٢١ی ئاوریلی ٢٠١٨)سەربازێکی ئەرتەشی ئێرانیان بە ناوی “کەماڵ جوانمێری” دانیشتووی گوندی جوانمیری بەخشی قەڵخانی شاری داڵاهۆ دوای بانگهێشت کردن دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی جوانمێری، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەر کردنی کەماڵ ڕۆژی سێشەممە (٤ی بانەمەڕ / ٢٤ی ئاوریل) هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبرا و باوک، دایک و خۆشکی کەماڵیان دەستبەسەر کردووە.

هەواڵنێری “هەنگاو” لەشاری کرماشان ڕایگەیاند کە توران میرزایی دایکی کەماڵ هاوڕێ لە گەڵ خۆشکەکەی بەناوی “ئیلهام میرزایی” پاش دەستبەسەر کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەرپێڵی زەهاو گوازراونەتەوە.

هەروەها، باوکی کەماڵ بە ناوی “ئیرەج جوانمێری” پاش دەستبەسەر کران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان گوازراوەتەوە.

کەماڵ خۆی سەربازی ئەرتەش بووە و لە شاری ئیسفەهان خزمەتی زۆرەملی سەربازی تێپەڕاندووە و دوای ئەوەی کە یەکێک لە ئەفسەرەکانی ئەرتەش وێنەیەکی برایکی پێشمەرگەی ناوبراوی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە ناو مۆبایلەکەی بینیوە، دوای ئەوەی مۆبایلەکەی لێوەرگرتووە و شکاندوویە، کەماڵی بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ ناردووەتەوە بۆ ماڵی خۆیان لە داڵاهۆ.

کەماڵ دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە ماڵ لەلایەن ئیتلاعاتی کرماشانەوە بانگهێشت و دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەو چوار کەسە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەرپێڵی زەهاو و کرماشان ڕاگیراون و چارەنووسیان نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە