ڕاستکردنەوەی ناسنامەی یەکێک لە گیانبەختکردوانی مەریوان

هەنگاو: یەکێک لەو کەسانەی کە ناوی وەکوو یەکێک لە گیانبەختکردوانی مەریوان بڵاو کردەوە، گیانی لە دەست نەداوە و بەم پێیە لە کۆی ئەو ١٠ کەسەی کە لە مەریو

٣٠ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٠:٣٥

 

هەنگاو: یەکێک لەو کەسانەی کە ناوی وەکوو یەکێک لە گیانبەختکردوانی مەریوان بڵاو کردەوە، گیانی لە دەست نەداوە و بەم پێیە لە کۆی ئەو ١٠ کەسەی کە لە مەریوان گیانیان لە دەست داوە تەنیا ناوی ٦ کەسیان ئاشکرا بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهۆ وەلیدی کە پێشتر هەنگاو و چەند سەرچاوەی دیکە ناویان وەکوو یەکێک لە گیانبەختکردوانی مەریوان بڵاو کردووە، گیانی لە دەست نەداوە و سەربارری ئەوەی کە تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووە، لە ترسی ئەوەی کە دەستەبسەر نەکرێت، بۆ شوێنێکی دەرەوەی نەخۆشخانە گوازراوەتەوە.

برای شاهۆ وەلیدی لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە  بە هەنگاوی ڕایگەیاند کە،”ئەو ڕۆژە براکەم بە هۆی ئەوەی گوللە بەر کەمەری کەوتبوو تووشی خوێنبەربوونێکی زۆر بووە، هەر بۆیەش شایەتحاڵەکان ناویان وەکوو یەکێک لە کوژراوەکان بڵاو کردووەتەوە، لە حاڵێکدا براکەم گیانی لە دەست نەداوە. هەرچەند ئازارێکی زۆری هەیە، بەڵام لە شوێنێکی دەرەوەی نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.“

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند بە هۆی ئەوەی کە هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفوون پچڕابوون، نەیانتوانیوە کە هەواڵی گیان لە دەستدانی براکەیان ڕەد بکەنەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ١٠ کەس لە مەریوان گیانیان لە دەس داوە و ناسنامەی ٧ کەسیان ئاشکرا بووە. ئێستا بە ڕاستکردنەوەی هەواڵی پێشوو وێڕای جەخت کردنەوە لە سەر گیان لە دەست دانی ١٠ کەس، ڕایدەگەیەنین کە تەنیا ناسنامەی ٦ کەسیان ڕوون بووەتەوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

١- عوسمان نادری ٢_ مێهران تاک ٣_ ئاریەن ڕەجەبی ٤_ بێهروز مەلکی ٥_ ئیدریس بێوارە ٦_ دانیال ئوستواری

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنە بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لە هەواڵەکانی پێشوو، داوای لێبوردن لە بەردەنگای خۆی دەکات. ئێمە وەکوو هەنگاو پێبەندین بە گەیاندنی زانیاری دروست و هەوڵدەدەین کە ئەم جۆرە هەڵانە بە  کەمترین ئاستی خۆی بگەیەنین.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە