ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماری ساڵی ڕابردووی پێشێل

٣ سەرماوەز ٢٧١٩، ٢١:٢٨

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماری ساڵی ڕابردووی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٥ی نۆڤەمبری٢٠١٨ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری٢٠١٩) سەرجەم  ٢٠١ حالەتی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان تۆمار کراوە.

لەسێدارە دانی پێنج ژنی کورد

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٨ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٩حوکمی سێدارەی پێنج ژنی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

ئەو پێنج ژنە خەڵکی شارەکانی ئورمیە(٢ حاڵەت) ، سنە (٢ حاڵەت) و میاندواو بوون کە بە تۆمەتی قەتڵی ئەنقەست  لە بەندیخانەکانی مەهاباد، سنە و ئورمیە لەسێدارە دراون.

 

دەستبەسەر کرانی ٣٠ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، ٣٠ ژنی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە و لەو ماوەیەدا، ١٤ ژنی کورد لە پارێزگای سنە، ٨ ژن لە پارێزگای کرماشان، ٧ ژن لەپارێزگای ئورمیە و ژنێکیش لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی سیاسی و چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ٣٠ ژنەی کە دەستبەسەر کراون ٢٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی دەستبەسەر کراون.

 

ساڵی ڕابردوو ٥  ژنی کورد حوکمیان بە سەردا سەپاوە

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ٥  ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ومەدەنی لەسەریەک حوکمی ٧ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

 

کوژرانی  ٣١  ژنی کورد لەماوەی ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم  ٣١  ژن و کچی کورد کوژراون کە زۆرینەیان بە دەستی کەس و کار و خزمانی نزیکی خۆیان کوژراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ١٠ ژن لە پارێزگای سنە، ٨ ژن لە پارێزگای کرماشان،٨ ژن لەپارێزگای ئورمیە و ٣ ژنیش لە  ئیلام و یەک ژنیش لە لورستان کوژراون.

 

خۆکوشتنی ١٣٠ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ١٣٠  ژن و کچی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراوی هەنگاو، زۆربەی هۆکارەکانی خۆکوشتنی ژنان بە هۆکاری کێشەی خێزانی و هەژاری و هەروەها نالەباربوونی باری دەرونی رووی داوە.

هەروەها، ٧٧ ژن لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٢٠  ژن لە ڕێگای خۆسووتاندن،  ٢٦ ژن لە ڕێگای خواردنی حەب و ژار، ٧ ژنیش بە هۆی بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 لە پارێزگای ئورمیە  ژنان بە ڕێژەیەکی بەرز خۆیان کوشتووە کە ٥١  کەس بوون، لە پارێزگای سنە ٣٤ ژن، لە کرماشان  ٢٣ژن و لە ئلامیش ٢٢ ژن خۆیان کوشتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە