ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان (نۆڤەمبری ٢٠٢٠)

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماری ساڵی ڕابردووی

٤ سەرماوەز ٢٧٢٠، ٢١:٤٦

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی ٢٥ی نۆڤەمبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماری ساڵی ڕابردووی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا (٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٩ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠) سەرجەم  ١٧٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛


دەستبەسەر کرانی ٣٤ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، ٣٤ ژنی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە و لەو ماوەیەدا، ١٢ ژنی کورد لە پارێزگای کرماشان، ١٠ ژن لە پارێزگای سنه، ٧ ژن لەپارێزگای ئورمیە و ژنێکیش لە پارێزگای ئیلام بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی دەستبەسەر کراون.

لە کۆی ئەو ٣٤ ژنەی کە دەستبەسەر کراون ٢١ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٨ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی و ٥ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی دەستبەسەر کراون.

 

سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بە سەر ١٣ ژنی کورد

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٣  ژنی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی ،مەدەنی و مەزهەبی لەلایەن دەزگای دادوەرییی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دادگایی کراون و هێندیکیان حوکمی سەرووی ١٠ ساڵیان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ئەو حوکمانەی کە دەرچوون ئەو ١٣ ژنە سەرجەم سزای ٧٦ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران و لێدانی ٣٠ قامچییان بە سەردا سەپاوە.
 


کوژرانی  ٢١  ژنی کورد لەماوەی ساڵی ڕابردوودا

لە ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠١٩ هەتا ٢٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠ لانیکەم  ٢١  ژن و کچی کورد کوژراون کە زۆرینەیان بە دەستی کەس و کار و خزمانی نزیکی خۆیان کوژراون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ٧ ژن لە پارێزگای سنە، ٧ ژن لە پارێزگای ئورمیە، ٦ ژن لەپارێزگای کرماشان و ژنێکیش لە پارێزگای ئیلام کوژراوە.

بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەنگاو زۆربەی ئەو حاڵەتانە بە هۆی کیشەی خێزانی بووە و ٣ ژنیش لە ژێر ناوی نامووس کوژراون.
 

خۆکوشتنی ۱۰۴ ژنی کورد لە ساڵی ڕابردوودا

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ۱۰۴  ژن و کچی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراوی هەنگاو، هۆکاری زۆربەی ئەو خۆکوشتنانە کێشەی خێزانی و هەژاری بووە و لە پارێزگای سنە ٣٦ حاڵەت، پارێزگای ئورمیە ٢٨ حاڵەت، کرماشان ٢٤ حاڵەت و ئیلام ١٧ حاڵەتی ژنان تۆمار کراوە.

هەروەها، ٧٧ ژن لە ڕێگای خۆهەڵواسین، ٢٠  ژن لە ڕێگای خۆسووتاندن،  ٢٦ ژن لە ڕێگای خواردنی حەب و ژار، ٧ ژنیش بە هۆی بەکارهێنانی چەک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

 هەروەها لە کۆی ئەو ١٠٤ کەسەی کە خۆیان کوشتووە ٢٥ کەسیان تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە